ڕاستەوخۆ

هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکان

reset font size increase font size

 

بەردەوام نوێدەکرێتەوە....

عەبدولقادر کەربەلایی، فەرماندەی سەربازیی بزوتنەوەی چەکداریی نوجەبا لە عێراق، ئامادەکاری بزوتنەوەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوە و شەڕ لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیاند.

میدیای ئێران ناوی ئەو شارانەی بڵاوکردەوە کە هێرشی کردووەتە سەری بەپێی ئەو وێنە بێت کە میدیای ئێران بڵاوکردووەتەوە زۆرینەی پایتەختی وڵاتانی کەنداو هێرشیان کراوەتەسەر.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی سەر ئێران بوەستێنرێن و دەست بە دانوستان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەردوولا دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکان و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەو گفتەکانیان چارەسەر بکەن، داواشی لە هەردوولا کردووە ڕێز لە سەروەری وڵاتان بگرن.

وه‌زاه‌رتی ده‌ره‌وه‌ی روسیا ده‌ڵێ، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ بەرپرسیارێتی ئاشتییانە بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی ناوچەکە تووشی قەیرانێکی گەورەتر نەبێتەوە.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانی کرد و بە کردەوەیەکی سەربازی تاکلایەنەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوی برد.

 سانچێز لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئەم هێرشانە دەبنە هۆکاری پەرەسەندی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، داواشیکردووە دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکرێتەوە و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.

بەدر بوسەعدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، تووشی سەرسوڕمان بووم، دانوستانە باش و جدییەکان جارێکی دیکە تێکچونەوە و بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئاشتی جیهان لەم هێرشدا نییە.

 دەشڵێ، من دوعا بۆ ئەو کەسە بێتاوانانە دەکەم، کە کوژران و داوا لە ئەمریکا دەکەم خۆی لەم شەڕەوە تێوەنەگلێنێت، چونکە شەڕی ئەو نییە.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی ناوەندی لە مینابی هەرێمی هۆرمۆزگان 62 کچە خوێندکار کوژران.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكرده‌وه‌، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا و دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، لە دورگەی مار ئا لاگۆی فلۆریدا، لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ئێران دەکەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەروەی ئێران لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی، لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی؛ سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، بەحرەین و عێراق قسەیکرد. لە پەیوەندییەکانیدا عێراقچی رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە تەنیا بۆ سەر ئێران نیە و هێرشه‌ بۆ سەر هەموو وڵاتە ئیسلامییەکان و پێویستە ئەم وڵاتانە بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆیان بەرانبەر پلانەکانی ئیسراییل جێبەجێ بکەن.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێگری لە مووشەکەکانی ئێران کردووە، کە چەند بنکەیەکی سەربازی لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات کردەوەتە ئامانج، هاوڵاتییەکی مەدەنی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانەوە گیانی لەدەستداوە.

ئیمارات لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، ڕێگری لە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیکی کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەکراون و هێرشەکەی بە کردەوەیەکی مەترسیدار و ترسنۆکانە وەسفکردووە.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، یەکەمین بەیاننامەی فەرمی خۆی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسراییل بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەیەدا هاتووە، هێزەکانی حکومەتی ئێران، دەستیان بە وەڵامدانەوەی توند و کوشندەی ئەم هێرشانە کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشێکی ئیسرائیلی لە قوتابخانەی کچانی سەرەتایی لە ناوچەی میناب، کە دەکەوێتە پارێزگای هۆرمۆزگان لە باشووری ئێران بووەتە هۆی کوژرانی پێنج قوتابی.

میدیای ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌، فەرماندەی سوپای پاسداران کوژرا، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، جەنەڕاڵ موحەمەد پاکور، فەرماندەی سوپای پاسداران لە هێرشەکەدا کوژراوە. پاکور لە دوای کوژرانی حوسێن سەلامی بووە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە هێرشەکەی مانگی شەشی ئەمریکا لە ئێران کوژرا

هاوكات، که‌ناڵی 12ی ئیسراییل بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان لە ئیسرائیل دەریانخستووە، لە هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ، بە ئەگەری زۆر علی شمخانی، ڕاوێژکاری علی خامنه‌ای کوژراوە.

ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ رایگه‌یاندووه‌، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ گەیشتووە، حسێن جەبەل ئاملیان، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کوژراوە .

سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئەو هاووڵاتییە ئێرانیانەی لە ناو کارگە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران و دەوروبەری کاردەکەن شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

فەریق ئەبۆلفەزل، وتەبێژی سوپای پاسداران ده‌ڵێت، هەر بنکەیەک لە هەر شوێنێکی ناوچەکە هاوکاری ئیسرائیل بکات، دەبێتە ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە چەکدارەکانمان لە ئەنجامدانی هیچ هێرشیک دوودڵ نابن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسراییل بۆ سەر ئێران تا ئێستا هەر یەک لە؛ وەزارەتی هەواڵگریی، وەزارەتی بەرگریی، نوسینگەی فەرماندەیی، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی، کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین، شوێنی مانەوەی خامنەیی، دامەزراوەکانی دەوڵەت، بینای دەزگای دادوەری و هەروەها چەندین ئامانج لەی دیکە لە پارێزگاکانی تاران، لۆرستان، ئەلبورز، تەورێز، قوم، چابەهار، کرماشان، ئەردەبیل، خوڕماوا، ورمێ، ئەسفەهان و بەندەر عەباس کراونەتە ئامانج.

نیۆیۆرک تایمز یەکەمین وێنەی لە ناوچەی پاستۆری تاران لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسراییلی بڵاوکردەوە کە نیشان دەدات شوێنی مانەوەی خامنەیی به‌ چری بۆردومان كراوه‌.

له‌ كاردانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆدا یەکێتی ئەوروپا رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشهاتێكی مەترسیدارە، داوا دەکەین خەڵکی مەدەنی بپارێزن.

کەناڵی جەزیرە بڵاویكرده‌وه‌، له‌ هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیلدا ماڵی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سه‌رۆككۆماری پێشووتری ئێران کراوەتە ئامانج.
کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، 200 عومره‌كاری کوردستان بەهۆی داخرانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە فرۆکەخانەی مەدینە له‌ وڵاتی سعودییه‌‌ گیریان خواردوە و هەوڵەکان چڕكراونه‌ته‌وه‌ بۆ گەڕانەوەی ئەو عومرەکارانە بەڕێگای وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
سوپای ئیسرائیل، و هۆشداریداوە پێویستە سەرجەم کارگەکانی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی ئێران چۆڵ بکرێت.
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان و درێژەدان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی ناو کارگە سەربازییەکان و ژێرخانی سەربازیی ئێران بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیاندنەکە هاتووە، هاووڵاتیانی خۆشەویست، لە پێناو سەلامەتی و تەندروستیتان، داواتان لێدەکەین دەستبەجێ ئەو ناوچانە کارگە و ژێرخانی چەک و تەقەمەنین جێبهێلن تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر لە دەرەوەی بازنەی ئەو ناوچانە بمێننەوە.

سعودیە رایگەیاند هێرش و دەستدرێژییەکانی حکومەتی ئێران، پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، قەتەر، کوەیت و ئەردەنە و بە توندی شەرمەزاری دەکەین.
راشیگەیاند، هەموو توانای وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لەو وڵاتانە بەکار دەهێنێت.

فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاندووه‌، لە سێ کاتژمێردا ئەمریکا و ئیسرائیل دەیان مووشەکی ئێرانیان لە ناوچەکە خستووەتە خوارەوە.

هاوكات بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بۆ ئەکسیۆس ئاشكرایكردووه‌، هێرشمان کردووەتە سەر بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئێران و دەستمان لە کەسیان نەپاراستووە.

دەشڵێ، هەموو ئامانجی ئێمە رووخاندنی رژێمی ئێرانە و دەبێت خەڵکی ئێرانیش کاردانەوەیان بۆ هێرشەکانی ئێمە هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.