هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر سیستمی ئه‌سیكۆدا ڕێككه‌وتن و له‌مه‌ودوا سیستمه‌كه له سه‌رتاسه‌ری عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت، به ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی ئابووریی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ئه‌نجومه‌نه‌كه به سه‌رۆكایه‌تیی فوئاد حسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئاماده‌بوونی چه‌ندین وه‌زیری دیكه‌ی حكومه‌تی عێراق و شاندی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه و بڕیاریداوه سیستم و ڕێكاره‌كانی گومرگیی له سه‌رجه‌م ده‌روازه‌كانی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه یه‌كبخرێت.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا تیمی نیشتیمانیی ڕا‌سپێردرا، له‌گه‌ڵ شاندێكی هونه‌ریی گومرگی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه.
هاوكات غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بە نوچه تیڤی ڕایگه‌یاند، بڕیاره‌كه سودی گرنگیی ده‌بێت له یه‌كخستنی باج و پێناسه‌ی گومرگیی و ڕێگرییكردن له سپیكردنه‌وه‌ی پاره و بردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار.
ده‌شڵێت، تا ڕاده‌یه‌كی باش بڕیاره‌كه گه‌نده‌ڵیی له ده‌روازه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه و سودی ده‌بێت بۆ داهات و خه‌زێنه‌ی گشتیی عێراق.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بۆ به‌رگرتن له به قاچابردنی دۆلار و سپیكردنه‌وه‌ی پاره، ئه‌مریكییه‌كان گوشاریان له هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد كردووه بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمی ئه‌سیكۆدا.