بڕیارە سبەی، شاندێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکەن، شاندەکە لەگەڵ سامر قاسم بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق کۆدەبنەوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە و چاکسازی لەو گرفتە بازرگانییانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا هەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ دیاریکردنی ماوەی 90 ڕۆژ بە مەبەستی پێداچوونەوە و دانانی پێناسی گومرگی نوێ، ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکارییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی بازرگانان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، تاوەکو پڕۆسەی بازرگانی بە شێوەیەکی خێراتر بەڕێوەبچێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە عێراق لە دەروازە سنوورییەکانییدا پابەند بووە بە سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا"، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی چەند مەرج و تێبینییەکەوە تاوەکو ئێستا نەچووەتە نێو سیستمەکە. کارکردن بەم سیستمە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق گرفتی بۆ بازرگانان دروستکردووە و کاتی زیاتری دەوێت، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری بازرگانان ڕوو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەهۆی ڕووکردنی بازرگانان لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق ناچار بووە ڕێژەی گومرگ بۆ 25% داشکێنێت. بڕیارە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش پێداچوونەوە و چاکسازی ئەنجامبدرێت، تاوەکو لە قۆناغی داهاتوودا دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە سیستمە ئەلیکترۆنییەکەی عێراقەوە ببەسترێنەوە.