هاوپەیمانیی ژنانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی یەنار محەمەد چالاکوانی دیاری مافی مرۆڤی لە عێراق دەکات و بە هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافەکانی ژنان و ئازادییە مەدەنییەکان لە عێراق ناویدەبات.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، هاوپەیمانییەکە توڕەیی و خەمێکی قوڵی بەرامبەر لە کوشتنی یەنار دەربڕیووە و ڕایگەیاندووە، عێراق و بزووتنەوەی ژنان دەنگێکی چاونەترس و ئازایان لەدەستداوە، کە ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لە قوربانیانی توندوتیژی جێندەری و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مافەکانی ژنان.
هەروەها، هۆشداریی دەدەن لەوەی ئەم جۆرە کارانە نوێنەرایەتی هێرشێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەکەن بۆ سەر بزووتنەوەی فێمینیستی و بەها دیموکراسیەکان لە عێراقدا.
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکەن، لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و بێلایەنانە بکەن بۆ دەستنیشانکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو تاوانە.
یەنار محەمەد، تەمەن 66 ساڵ، چالاکوانی بواری ژنان و سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان بوو لە عێراق، بە داکۆکیکردنی بوێرانەی لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژنان ناسراوە.