هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (نادا)، پشتگیریی خۆی بۆ بەهار کوشاد عەلی قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی "ئێمە" و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان ڕاگەیاند، کە بەهۆی داکۆکیکردنی لە یاسایەکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی ببووەوە و پاشان بە کەفالەت ئازاد کرا.
هاوپەیمانیی نادا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕێوشوێنە یاساییانە پەیامێکی مەترسیدارن بۆ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ئەکادیمیستان و ڕۆژنامەنووسان. ئەوان داوای پاراستنی مافەکانی ئەو توێژانەیان کرد و ڕایانگەیاند، دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕێز لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگرن، بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕین بکەن و ڕێگە نەدەن یاسا بۆ کپکردنەوەی بیروڕاکان بەکاربهێنرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانیی نادا پرسیارێکی ئاراستەی دەسەڵاتداران کردووە و دەڵێت: "ئایا ئێمە دەمانەوێت کوردستان ببێتە وڵاتێک کە فرەیی لەخۆبگرێت و بەرگری لە ئازادیی بیروڕا بکات، یان ببێتە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا خەڵک لە دەربڕینی بیروڕاکانیان یان پرسیارکردن بترسن؟"
جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە بەرگریکردن لە ئازادییە گشتییەکان پاراستنی داهاتووی کۆمەڵگە، سەروەریی یاسا و بەها دیموکراتییەکانە.