ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی، بە توندی ڕەخنەی لە بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان گرت و ڕایگەیاند کە ماوەی 40 ڕۆژە ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ناوبراو کۆببنەوە.
دۆغان جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئۆجالان ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە گەیاندنی پرۆسەی ئاشتی بەم قۆناغە بینیوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامە و هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی سەردانیکردنی ئیمراڵیدا نەکراوە.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا دەگوترێت پڕۆژەیاسا بۆ ئۆجالان نێردراوە و پەسند کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەیئەتی دەم پارتی و پارێزەران ڕێگەیان پێنادرێت بیبینن، ناتوانن ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکەنەوە.
دۆغان هۆشداری دا کە درێژەکێشانی ئەم دۆخە و نەبوونی سەردانی ڕێکخراو بۆ لای ئۆجالان، ڕێگە بۆ دروستبوونی گومان و ناتەبایی دەکاتەوە و ئەگەری سەرخستنی پرۆسەکە بەهێزتر دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، دۆغان جەختی لە گرنگیی پرۆسەی یاسای چوارچێوە کردەوە و وەک ئەولەویەتی کاری پارتەکەی ناوی برد، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی شەفافییەت و زانیاریی ورد دەربڕی:
ناوەڕۆکی یاسای چوارچێوە هێشتا نادیارە و پڕۆژەیاساکە لەگەڵ دەم پارتیدا هاوبەش نەکراوە.
پێویستە یاسای چوارچێوە ببێتە بنەمایەک بۆ دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە تورکیا، نەک تەنها پڕۆسەیەکی کاتی.
دۆغان داوای کرد زانیاریی هەڵە لەسەر ناوەڕۆکی یاساکە بڵاونەکرێتەوە و دەسەڵاتیش زمانێکی ئەرێنی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی پەیامی "بە کراوەیی مانەوەی دەرگاکان" بگەیەنێت.
سەبارەت بە دۆخی گشتیی سیاسی، دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی دیموکراسی لە تورکیا بەرەو باشبوون ناچێت و دەستگیرکردنی کۆمیدیان «دەنیز گۆکتاش» بە نموونەیەکی نەرێنیی دژی ئازادییەکان وەسف کرد، هاوکات دووپاتی کردەوە کە پێویستە سیاسەتی قەیوم بەتەواوی لە شارەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، دۆغان ئاشکرای کرد کە ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پارتەکەی بەردەوامە و بە درووشمی "بۆ کۆماری دیموکراتیک، کۆمەڵگەی ئازاد و ڕێکخستنکراو" زنجیرەیەک کۆنفرانسی ناوچەیی ئەنجام دەدەن کە تێیدا پرسی گۆڕینی ناوی پارتەکە و پەرەپێدانی بەرنامەی سیاسییان تاوتوێ دەکرێت.