موقتەدا سەدر، ڕێبەری بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکدا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەربڕی و بە «هەڵمەتێکی پاڵەوانانەی چاکسازی» وەسفی کرد.
سەدر لەو پەیامەدا کە ڕۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکرایەوە، جەختیکردەوە کە ئەم هەڵمەتەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەستی پێکردووە، "هیوای بۆ دڵەکانی گەلی عێراق گێڕایەوە"دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر گەندەڵکاران زاڵ ببوون بەسەر چارەنووسی وڵاتدا.
هەروەها سەدر ستایشی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت هێزەکانی دژە تیرۆری کرد، بۆ ئەو هەنگاوەی لە دژی گەندەڵکاران و تیرۆر گرتوویانەتە بەر.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای لە ئیمامانی نوێژی هەینی کردووە کە لە هەینی داهاتوودا سەرپەرشتی گردبوونەوەیەکی ئاشتیانە بکەن بۆ پشتگیریکردن لەم هەڵمەتە.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەدر، لەو گردبوونەوەیەدا نابێت جگە لە ئاڵای عێراق و دروشمەکانی "سەیید"ی چاکسازی، ئیمام حسێن، هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکە بەرز بکرێتەوە.
ئەم پەیامەی سەدر لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق قۆناغی یەکەمی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی دەیان بەرپرس و کەسایەتی سیاسی دەستپێکردووە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و بەکارهێنانی نایاسایی سامانی گشتی.