یاریدەدەری هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕایگەیاند: زۆرێک لە لایەنەکان وا بیردەکەنەوە وازهێنان لە چەک بە مانای وازهێنان لە هەبوونی گەلی کورد دێت، ئەم جۆرە هەڵوێست و بیرکردنەوەیە دوورە لە ڕاستیی و هەڵەیە.
تایب تەمەل، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی یەنی یاشام ڕاشیگەیاند: چارەسەرییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی پێویستی بە دیاریکردنی چوارچێوە و شێوازی تێکۆشان و پڕۆگرامە، پێویستە لەسەر چوارچێوەی بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگە دابمەزرێت و خودی گەل پێشەنگایەتی بۆ بکات.
گوتیشی: چارەسەری کێشەی کورد تەنها لەسەر بنەمای گەل و نەتەوە نییە، بەڵکو ناوەندی چارەسەری کێشەی دیموکراتیزەبوونی سەرجەم ڕەهەندەکانی تورکیایە، بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت، ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە فەرهەمکردنی زەمینی سیاسی-یاساییە، ئەمە وەڵامی سەرجەم پرسەکانە.
دەشڵێت، گەر بمانەوێت پڕۆسەیەکی چارەسەری هەمیشەیی لە تورکیادا دروست ببێت ئەوا تەنها بە چەکدانانی پەکەکە سەرکەوتوو نابێت، لە هەمان کاتدا پێویستە دەوڵەتیش ئەرکی سەرشانی خۆی پێکبهێنێت و ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتیکانە بکاتەوە و یاسای نوێ لەم بوارە دەربکات و هەندێک یاسای کۆنیش هەموار بکاتەوە.