بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە سنوری گەرمیان کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کرۆزر لەسەر ڕێگەی کەلار - دەربەندیخان و لەنزیک ناحیەی باوەنوور کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە منداڵێکی تەمەن چوارساڵان بوو، یەکێک لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کراوە لە کەلار و بریندارەکانی دیکەش لە نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری لە باوەنوور چارەسەریی تەندروستییان بۆ دەکرێت.