بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەمن و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و گرانی.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێ، بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" و زیادکردنی باجی گومرگی بەبێ ئامادەکاری پێشوەختە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان و دواجار هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن.
گوتیشی، سیستەمی نوێی گومرگی عێراق سیستەمێکی ئەلیکترۆنی جیهانییە و بۆ وڵاتانێک گونجاوە کە سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی عێراق بەمەبەستی چوونە ناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ( دەبلیو تۆ ئۆ) پەلەی کردووە لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە و هاوکات باجی گومرگیی لەسەر کاڵاکان لە رێژەی 3٪ و 5٪ـەوە بۆ 30٪ بەرزکردووەتەوە، کە ئەم هەنگاوە لەگەڵ دۆخی ئێستای بازاڕ و ژێرخانی ئابووری عێراقدا ناگونجێت و دەبێتە هۆی گرانی و بێبازاڕی و ساغکردنەوەی کاڵاکان.