نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەیانی لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوەتەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە مێژوویی، کولتووری و دراوسێیەتییە کردووە کە لە مێژە گەلانی ناوچەکەی بەیەکەوە بەستووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە سەردان و کۆبوونەوانە کاریگەرییان لەسەر زیاتر نزیککردنەوەی دیدگاکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا دەبێت.