سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ڕایگەیاندوە ئەوە پێی بکرێت بۆ چارەسەریی موچە دەیکات و محەممەد حەلبوسیش بانگهێشتکراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی سەردانیکردنی بۆ بەغداد بە میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی ڕاگەیاند، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو باسی موچەیان کردوە و گوتویەتی، ئەوەی بتوانێت بیکات بۆ چارەسەریی کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکات، چونکە ئەوە مافی هەموو موچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
هەروەها لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم و کەسایەتی سوننە ڕایگەیاند، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی قسەیان کردووە، کۆبوونەوەکەیان زۆر باش بووە و هەردوولاش کۆکبوون لە سەر ئەوەی، دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە. گوتیشی ناوبراوی بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کراوە.