ڕاستەوخۆ

نێرگز محەمەدی بە کەفالەت ئازاد کرا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە

reset font size increase font size

 

 

نێرگز محەمەدی، چالاکوانی دیاری مافەکانی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023، دوای تێکچوونی توندی باری تەندروستیی لە ناو زینداندا، بە کەفالەتێکی "قورس" بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بنیادنراوی نێرگز محەمەدی، ئەم چالاکوانە تەمەن 54 ساڵە کە لە زیندانی شاری زنجان بوو، دوای ئەوەی سزاکەی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا، بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "پارس" لە تاران تاوەکو لەژێر چاودێری تیمە پزیشکییەکانی خۆیدا چارەسەر وەربگرێت.

 ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تەقی ڕەحمانی هاوژینی نێرگز، کە لە پاریس نیشتەجێیە، هۆشداری دابوو کە باری تەندروستی هاوژینەکەی "مەترسیدارە" و بەهۆی دابەزینی توندی پەستانی خوێنیەوە بە زەحمەت دەتوانێت قسان بکات.

نێرگز محەمەدی کە پێشتر لە ناو زینداندا دوو جار تووشی نۆرەی دڵ بووە و بەدەست جەڵتەی سی و کێشەی کۆئەندامی هەناسەوە دەیناڵاند، لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی تەندروستییەکەی گەیشتبووە ئاستێک کە بە وتەی شیرین ئەردەکانی، پارێزەرەکەی، ناوبراو نزیکەی 20 کیلۆگرام لە کێشی جەستەی لەدەستداوە.

حەمیدڕەزا محەمەدی، برای نێرگز کە لە ئۆسلۆ نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر چەندین جار پزیشکەکان داوای گواستنەوەیان کردبوو بۆ تاران، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ڕێگرییان دەکرد، هەربۆیە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو بێبەشکردنە لە چارەسەری پزیشکی وەک "ئەشکەنجە" ناوزەند کردبوو.

 ئێستاش دوای فشارەکان و تێکچوونی زیاتری دۆخەکەی، ڕێگەی پێدراوە لە دەرەوەی زیندان و لەژێر چاودێری پزیشکیدا بێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکاری بڕی ئەو کەفالەتە داراییەی کە بۆ ئازادکردنی دانراوە ئاشکرا نەکراوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.