ڕاستەوخۆ

نێت بلۆکس: پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی پێوانەیی جیهانی شکاند

reset font size increase font size

ڕاپۆرتە نوێیەکانی ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" بۆ چاودێریی ئاسایشی ئینتەرنێت لە جیهاندا، ئاشکرای دەکەن کە پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە 72ـەمین ڕۆژی بەردەوامی خۆی، ئەمە نەک هەر درێژترین ماوەی پچڕانی ئینتەرنێتە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵکو ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ و بێوێنەیە لەسەر ئاستی جیهان کە تێیدا دەوڵەتێک بەم شێوەیە پەیوەندیی هاوڵاتییانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە ببڕێت.

دابڕانێکی تەواو لە جیهانی دەرەوە

بەگوێرەی داتا وردەکانی نێت بلۆکس، ئەم پچڕانە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1700 کاتژمێری خایاندووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوی ژیانی دیجیتاڵی، ئاڵوگۆڕی زانیاری و چالاکییە بازرگانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە "گۆشەگیرییەکی تەکنەلۆژیی بێوێنەیە" و ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی زانیارییەکانە لە ناوخۆی وڵاتدا.

بازاڕی ڕەش و "ئینتەرنێتی دەوڵەمەندەکان"

پچڕانی ئینتەرنێت تەنیا زیانی گەیاندن نەبووە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیشی لێکەوتووەتەوە.

بەهۆی نەبوونی هێڵە ئاساییەکان، بازاڕێکی ڕەشی گەورە بۆ فرۆشتنی خزمەتگوزارییەک بەناوی "ئینتەرنێت پڕۆ" دروستبووە.

ئەم جۆرە ئینتەرنێتە کە بە نرخێکی خەیاڵی و زۆر گران دەفرۆشرێت، تەنیا لەلایەن چینە دەوڵەمەندەکان و ئەو کەسانەوە دەتوانرێت دابین بکرێت کە توانای داراییەکی یەکجار بەرزیان هەیە.

 ئەمەش جۆرێک لە "جیاکاریی دیجیتاڵی" دروستکردووە، کە تێیدا زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە مافی سەرەتایی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بێبەش کراون.

شکاندنی ژمارە پێوانەییەکانی خۆی

ئێران تەنیا دوای مانگێک لە دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، ژمارەی پێوانەیی جیهانیی بۆ درێژترین ماوەی پچڕانی ئینتەرنێت تۆمار کرد. بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا نەوەستا؛ ئێستا بۆ ماوەی 42 ڕۆژی یەک لەدوای یەک، ئەو وڵاتە هەموو ڕۆژێک ژمارە پێوانەییەکەی پێشتری خۆی دەشکێنێت و ڕیکۆردێکی نوێ لە "بێدەنگکردنی جیهانی دیجیتاڵی" تۆمار دەکات.

پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی زیانی ملیاران دۆلار لە کەرتی ئابووریی ئۆنلاین و پەککەوتنی زیاتری ناوەندە زانستی و تەندروستییەکان کە بۆ کارەکانیان پێویستیان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.