پلاتفۆرمی هاوبەشی چالاکی ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا، کەمپەینێکی فراوانی دیجیتاڵی لەژێر هاشتاگی #WeAreAllYPJ ڕاگەیاند، ئەم دەسپێشخەرییە لە شەوی ڕابردووە دەستی پێکرد کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) و ناساندنیان وەک بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگری سووریا.
ئەم کەمپەینە لە کاتێکدایە کە فشار و هێرشە سیاسی و سەربازییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا چڕتر بوونەتەوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم چالاکییە، ئیدانەکردنی ئەو بڕیار و هەڵوێستانەیە کە لەلایەن ئەحمەد شەرع و گروپە پەیوەندیدارەکانەوە دژی یەپەژە دەردەچن و ڕێکخەرانی کەمپەینەکە دەڵێن کە ئەم جۆرە هەوڵانە ئامانجیان تێکدانی شکۆی ئەو هێزەیە کە جیهانی لە دەست داعش ڕزگار کرد و ئێستاش پارێزگاری لە مۆدێلێکی دیموکراتی دەکات کە ژن تێیدا پێشەنگە.
پلاتفۆرمەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە یەپەژە تەنها هێزێکی چەکدار نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی ژن، ئەوان داوا لە هەموو چالاکوانان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازانی جیهان دەکەن کە بە بەکارهێنانی هاشتاگی #WeAreAllYPJ دەنگی خۆیان بگەیەنن و ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت پێگەی یاسایی و سەربازی یەپەژە لەناو ئایندەی سوویادا لاواز بکات.
بەرخودانی یەپەژە دژی هێزە تاریکپەرستەکان و داگیرکاری، پێویستی بە هاوسۆزییەکی جیهانی هەیە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی ژنان لە ناوچەکەدا پارێزراو بن.