کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینیدەکات، ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە شەودا جارێکی دیکە لێزمەباران پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بارانی لێزمە لەسەر پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت، لە ناوچەکانی دیکە باران بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبێت، بەڵام لە شەودا جارێکی دیکە لێزمەباران پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە لووتکەی شاخە بەرز و سنورییەکان.
کەشناسی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە لافاو بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوی لەناکاو لە دۆڵ و ناوچە نزمەکان هەیە و هەروەها، خێرایی با زیاد دەکات و لە هەندێک کاتدا دەگاتە سەروو 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە هاوڵاتییان لە کاتی هەورەبروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە کراوەکان دوور بکەونەوە و دەشڵێت، پلەی گەرماش دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.