لەنێو سیستەمی سیاسیی ئەمریکا، دادگای باڵا وەک بەرزترین و کاریگەرترین دامەزراوەی دادوەری دەبینرێت. ئەم دادگایە نەک تەنها لێکدەرەوەی یاساکانە، بەڵکو وەک "ناوبژیوانێکی سەربەخۆ" رۆڵی پاراستنی هاوسەنگی دەسەڵاتەکان دەبینێت و دەتوانێت گەورەترین بەربەست بێت لەبەردەم بڕیارەکانی سەرۆکی وڵاتدا.
دادگای باڵا لە نۆ دادوەر پێکدێت کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەستنیشان دەکرێن و لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند دەکرێن. خاڵی بەهێزی ئەم دادگایە ئەوەیە کە ئەم دادوەرانە بۆ "هەتاهەتایە" لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە. ئەم ماوە درێژخایەنە وایان لێدەکات لە ژێر فشاری سیاسیی سەرۆکەکان رزگاریان بێت و تەنها پابەندی دەستوور بن.
تەنها لە کاتێکدا لادەبرێن، کە دادوەرەکە هەڵەیەکی زۆر گەورە یان لە کارێکی تاوانکاری تێوەگلابێت، لەو کاتەدا سەرۆکی وڵات، دادوەرێکی دیکە دەستنیشان دەکات دواتر لە ئەنجومەنی پیران لیژنەی دادوەری ئەنجومەنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، بە دەنگدان دادوەرەکە هەڵدەبژێرێت و ئیتر وەک ئەندامی دادگای باڵای ئەمریکا دەمێنێتەوە، هەتە ئەو کاتەی خانەنشین دەبێت یان دەمرێت.
هەرچەندە دادگای باڵا ناتوانێت سەرۆک لە پۆستەکەی لابدات (کە ئەوە کاری کۆنگرێسە)، بەڵام دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەم شێوەیە سنوردار بکات
1. هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکان
دادگا دەتوانێت هەر بڕیارێکی سەرۆک بە "ناپەسەند و نادەستووری" بناسێنێت و کارکردن پێی رابگرێت.
2. لابردنی پارێزبەندیی سەرۆک
دادگا چەندینجار جەختی کردووەتەوە کە سەرۆک لە سەرووی یاساوە نییە و دەبێت وەڵامدەرەوەی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان بێت، لە کاتی پێویستدا دادگا دەتوانێت پارێزبەندی لەسەر سەرۆکی وڵات هەڵگرێت بیهێنێتە بەردەم دادگا.
3. پاراستنی سنووری دەسەڵات
دادگای باڵا دەتوانێت رێگری لە سەرۆک بکات کە دەستوەردان لەو دەسەڵاتانەی تەنها هی کۆنگرێسن (وەک بودجە و یاسادانان) نەکات
دادگای باڵای ئەمریکا هیچ هێزێکی سەربازی تایبەتی نییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، بەڵکو هەر بڕیارێک ئەم دادگایە دەری دەکات کە پشت ئەستور بێت بە دەستوور، راستەوخۆ سەرجەم دەسەڵاتە جێبەجێکارەکانی ئەمریکا پێوەی پاپەند دەبن.
مێژووی ئەمریکا چەندین وێستگەی تێدایە کە دادگا تێیدا ڕووبەڕووی بەهێزترین کەسایەتییەکانی جیهان و سەرۆکەکانی ئەمریکا بووەتەوە:
لە ساڵی 1952 لە کاتی شەڕی کۆریادا، هاری ترومان سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاریدا دەست بەسەر سەرجەم کانە پۆڵاکانی وڵاتدا بگرێت، بە بیانوی ئەوەی ئەمریکا لە شەڕدایە، بەڵام دادگای باڵای ئەمریکا رایگەیاند، کە سەرۆک بۆی نییە دەست بەسەر موڵکی تایبەتدا بگرێت تەنانەت ئەگەر وڵات لە شەڕیشدا بێت.
هەروەها لە ساڵی 1974 دادگای باڵای ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکای ناچار کرد لە دۆسیەی نهێنی واتەرگەیت سەرجەم تۆمارە ڤیدیۆیەکان رادەستی دادگا بکات، کە پێشتر ڕەتیکردبووەوە ڕادەستی بکەت، کە دواتر بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵات.
لە ساڵی 2006 دادگا بڕیارێکی جۆرج دەبلیو بوشی سەبارەت بە دادگاییکردنی زیندانیانی گوانتانامۆ هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاریدابوو دادگایەکی سەربازیی تایبەت بە دەستگیرکراوان بکاتەوە
سەیرترین دیاردە ئەوەیە کە زۆرجار دادوەرەکان دژی ئەو سەرۆکە دەوەستنەوە کە دایمەزراندوون یان پێشتر لە یەک حزبی سیاسی بوون.
ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە سەرۆک ناتوانێت مووچەیان ببڕێت یان دەریانبکات، زۆرینەی دادوەرەکان دەیانەوێت ناوێکی باش لە مێژوودا بۆ خۆیان تۆمار بکەن وەک پارێزەری دەستوور، نەک وەک پاشکۆی سەرۆک.
تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا، چەندین دادوەر کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دامەزرابوون، لە کێشە یاساییەکاندا دژی تانەکانی ترەمپ دەنگیان دا، چونکە بەڵگەی یاساییان بەلاوە گرنگتر بوو لە پەیوەندییە سیاسییەکان.