نزار ئامێدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە هەنگاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەستپێشخەرییەکەی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، نزر ئامێدی ڕایگەیاند، پێشوازی لەو هەڵوێست و هەنگاوانە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی دوایینی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا هاتوون بە ئاراستەی چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی.
هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق دەربڕی، کە تایبەتە بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی و جەختکردنەوە لەوەی چەک تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.
جەختی لەوەش کردەوە کە شکۆی دەوڵەت تەنها لە دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانیدا بەرجەستە دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هەنگاوێک لەو چوارچێوەیەدا بگیرێتەبەر، دەبێتە هۆی بنیاتنانی دەوڵەت و سەروەریی یاسا و پتەوکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان.
له کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، ڕوونیکردەوە کە پێویستە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ڕێسا دەستوورییەکان، یاسا کارپێکراوەکان و ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینیدا جێبەجێ بکرێن، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراقدا جێگیر بکات.