مەجلیسی سوریای دیموکرات (مەسەدە) ڕایگەیاند، هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە گوندەکانی حەلەب دژی سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی حکومەتی کاتی، هاوکات لەگەڵ بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی، دەستیان بە پشکنینی ماڵان و پێشێلکاری دژی ژنان و بەساڵاچووان کردووە، ئەمەش ترسی گەورەی لە ناو دانیشتوواندا دروستکردووە.
مەسەدە جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشێلکارییانە لەگەڵ قۆناغی ڕاگواستنی سیاسی لە سوریادا ناگونجێن، کە دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسان بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕەفتارانە هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات، متمانەی نێوان پێکهاتەکانی سوریا لاواز دەکات و ڕێگرە لە بەردەم بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەسەدە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرش و پێشێلکارییەکان دەکات؛ هاوکات داواکارە تەواوی دەستگیرکراوانی تل حاسڵ و تل عەران ئازاد بکرێن، چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆش بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەم هێرشانە ئەنجام بدرێت.
ناڕەزایەتییە توندەکانی مەسەدە نیشانەی قووڵبوونی درزی نێوان لایەنە کوردییەکان و هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریایە لە قۆناغی نوێدا.
بەردەوامیی ئەم گرژییانە لە دەوروبەری حەلەب، ڕەنگە پرۆسەی پێکەوەژیان و سەقامگیریی ناوچەکە لە داهاتوودا زیاتر بخاتە مەترسییەوە.