مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان، بەتایبەتیش خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە، پەیامێکی گرنگی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد .
بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد،" لەم ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لەسەرووی ئامانجە بەرتەسکەکان دابنێن و واز لەو ململانێ بێئەنجام و خۆخۆرییە بهێنن کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی پێوە دەناڵێنێت"
داواشی کرد کە ڕاستەوخۆ لەدوای ڕۆژانی جەژن، لایەنە سیاسییەکان بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە پێکەوە کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی و کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارە سیاسییە، کە ئەمەش بە گوتەی ئەو ئەرکێکی ویژدانی، نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە هەموان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست.
لە کۆتای پەیامکەشیدا بارزانی هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکێک بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تێپەڕبوونی گرفتەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.