مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاری تیۆهاریس، جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد و لە دیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گەشتوگوزار، کولتوور، شوێنەوار و تەندروستیدا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانیاندا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە و جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە کراوەتەوە.