سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەکاندا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زمانی دایک و نیشتمانپەروەری دەکاتەوە و ڕەخنە لەوە دەگرێت کە عێراق پشکی هەرێمی لە کەرتی پەروەردە نەداوە، هاوکات داوا لە لایەنەکان دەکات بایکۆت بشکێنن و پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ڕایگەیاند، پێویستە پرسی نیشتمانپەروەری و زمانی دایک لە ناوەندەکانی خوێندن پەرەی پێ بدرێت، بەتایبەت لە کەرکووک کە خۆی بە "دڵی کوردستان" ناوی برد و داوا کرد لەو شارەش زیاتر پەرە بە زمانی کوردی بدرێت و هەر شوێنێک کوردی لێبێت، گرنگی بە زمانەکەی بدرێت.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی بەغدادیش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە کەرتی پەروەردەدا، هاوشێوەی کەرتەکانی دیکە، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و پشکی خۆی پێ نەبەخشیوە.
لە تەوەرێکی تری لێدوانەکانیدا و لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی داوای لە لایەنەکان کرد کە "بایکۆت بشکێنن" و پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە.