مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا بەدوای چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکاندان و لە سەرۆکوەزیرانی عێراقیشەوە بەڵێنیان پێدراوە کە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ململانێ و گرفتە کارگێڕییەکان نەکرێت.
مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ بەغدا و گوتی: "داکۆکیمان لە هەموو خاڵە دەستوورییەکان کردووە؛ لە بەغدا ڕوانگەیەکی تازە و تێگەیشتنی باشتر بەرانبەر هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەکرێت ئەم نیەتە باشە دەرگای زۆرمان بەڕوودا بکاتەوە."
سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری و دەروازە سنوورییەکان، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکودا"، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
هاوکات جەختی لە بوونی هەماهەنگی بۆ گواستنەوەی وزە لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردەوە.
لە ڕەهەندی ناوخۆیی و چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەکەی مەسعود بارزانی دەربڕی و داوای کۆتایهێنان بە لێدوانە نابەرپرسەکان و گرتنەبەری ڕێگەی عاقڵانەی کرد.
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانیش گوتی: "لەگەڵ ئەوەدام دەرگای پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە، چونکە پەرلەمان موڵکی هیچ حیزبێک نییە و هی دەنگی دەنگدەرانە؛ دەبێت نوێنەران بێن و پەرلەمان کارا بکەنەوە."