موقتەدا سەدر، کەسایەتیی سیاسی و ئایینیی شیعەی عێراق، داوای لە ئەمریکا کرد بەرامبەر عێراق هەڵوێستێکی "مامناوەند" بگرێتەبەر و ڕێگا نەدات عێراق ببێتە "مەیدانی" ملمڵانێیە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا.
سەدر لە نامەیەکدا بۆ ئەمریکا، کە یەک هەفتە دوای تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، گوتوویەتی: “ڕەتیدەکەینەوە عێراق ببێتە مەیدانی ملمڵانێیە سیاسی و ئابوورییەکانتان؛ ئێمە هیچ پابەندییەکمان نییە بۆ بەرگری لە هیچ کەسێک یان جەنگکردن لەبری هیچ لایەنێک."
سەدر کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکانی لە عێراق بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" ناوبردووە و داوای لە واشنگتن کرد وێنە و ناوی خۆی لە چاوی "ستەملێکراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بگۆڕێت.
ئەو هەروەها گوتوویەتی ئەمریکا تەنها بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی مامناوەند بەرامبەر هەموو لایەنەکان دەتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت و نابێت لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا پەسەند بکات.
سەدر لە بەشێکی تری نامەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە و گوتوویەتی ئەگەر هەموو ئەو هەنگاوانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ "هاوڕێکەتان"ە، ئەوا ئەو هاوڕێیە دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو جیهان ئاسایی بکاتەوە.
ئەو هەروەها وتوویەتی ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی بە پێی وتەکانی ئەو، "پشت لە بەها مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان"کردووە، لە جیهاندا تووشی جیاوازی و دوورکەوتنەوە بووە.