موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، قۆناغێکی نوێ لە گەرووی هورمزدا دەستپێدەکات و ئێران بەردەوام دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە دەشڵێت، بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئاسایش و ئارامییە.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە ڕۆژی کەنداوی فارس بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمریکا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی دژ بە ئێران. ئاماژە بەوەشدەکات، هەموو وڵاتانی کەنداو دەزانن بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئاسایش و ئارامییە.
ئەوەشی گوتووە، نابێت وڵاتان بەهیچ شێوەیەک هیوایان بەوە هەبێت ئەمریکا دەتوانێت ناوچەیەکی ئارام دروستبکات، پێویستە ئەوە بزانن ئێران و وڵاتانی کەنداو چارەنوسێکی هاوبەشییان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، ئەو بێگانانەی لە هەزاران کیلۆمەترەوە هاتوون بۆ ناوچەکە تەنیا دەیانەوێت ناکۆکی و شەڕەنگێزی دروستبکەن.
خامنەیی دەشڵێت، ئێران بەردەوام دەبێت لە پاراستنی توانا موشەکیی و ئەتۆمییەکانی و دەشڵێت، هەروەک سنورە دەریایی و خاکییەکانی سەرجەم توانا سەربازییەکانی خۆی دەپارێزێت.