لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن ناوچە جیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و چارەنووسی بەشێکی زۆری دەستبەسەرکراوان بە نادیاری ماوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە, لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، لانیکەم سێ هەزار و 464 هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش بەردەوام بووە و لەو ماوەیەدا 767 کەسی دیکە دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بنەماڵەی زۆرێک لەو دەستبەسەرکراوانە هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی کەسوکاریان نییە. پێشتر وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دانی بەوەدا نابوو کە هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ دەستیان لە گرتنی ئەو کەسانەدا هەبووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، داواکاری گشتی و دامەزراوە دادوەرییەکانی ئێران بەرپرسیاری یەکەمی دەرکردنی فەرمانی ئەو دەستگیرکردنانەن، کە بەبێ ڕێکاری ڕوونی یاسایی ئەنجام دراون.