ڕێکخراو و پلاتفۆرمەکانی ژنان لە تورکیا دژی "12یەمین پاکێجی یاسایی" کە ئێستا لە کارنامەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدایە، بڕیاریاندا لە 20 شاری جیاواز و لە یەک کاتدا بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ڕەتکردنەوەی ئەو یاسایە بکەن.
ڕێکخراوەکانی ژنان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ئەمە پاکێجی دادوەری نییە، پاکێجی زەوتکردنی مافەکانە" ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەم یاسا نوێیە لەجیاتی بەهێزکردنی دادپەروەری، مافە بەدەستهاتووەکانی ژنان و منداڵان دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەیان، چالاكییەکان لە شارەکانی وەک "ئامەد، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، بۆدڕوم، بورسە، ئەنتام، ئیستانبوڵ، مێرسین و ڕحا" و چەندین شاری دیکە بەڕێوەدەچن.
ژنان هۆشداری دەدەن کە بڕیارە نوێیەکانی تایبەت بە منداڵان لە ناو ئەو پاکێجەدا، لەجیاتی پاراستنیان، زیاتر ڕێوشوێنی سزادان دەگرێتەبەر.
ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دیاردەی کارپێکردنی منداڵان، دەستدرێژی و هاوسەرگیریی پێشوەختە.
ڕێکخراوەکان جەختیان کردەوە کە دەست لە مافەکانیان و داواکارییان بۆ ژیانێکی بێ توندوتیژی هەڵناگرن و داوایان لە ڕای گشتی کرد دژی ئەم پاکێجە بوەستنەوە.
.