شاری كۆبانێی رۆژاڤای كوردستان لەژێر گەمارۆیەكی سەختی هێزەكانی سوپای عەرەبیی سوریادایەو ئەگەر گەمارۆكە بەردەوام بێت, كارەساتی گەورەی مرۆیی روو دەدات.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك لەشارەكەوە: لەڕۆژی 20ی مانگی یەكەی ئەمساڵەوە هێزەكانی سوپای عەرەبیی سوریا گەمارۆیەكی توندیان خستووەتە سەر شارەكەو بەو هۆیەوە ئێستا جگە لەنەبونی كارەباو كەمبونەوەی دەرمانو خواردنو تەواوی كەرەسەو كەلوپەلو پێداویستیەكانی ژیانی ڕۆژانەو شیری مناڵان، نەخۆشخانەكانیش داخراونو دەرمانو پێداویستیە پزیشكیەكان بە زەحمەت دەست دەكەون.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە: ئەگەر كۆمەكو هاریكاریی بە پەلە بەتایبەتی شیری مناڵانو دەرمانو پێداویستیە پزیشكیەكان نەگەیەنرێنە شارەكە، كارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
هاوكات هۆشداریی دەدرێت بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەوە، لە بازاڕەكانی شارەكە نانو سەوزەو میوەو خۆراكو پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵك, زۆر بە زەحمەت دەستدەكەوێو سوتەمەنیش زۆر كەمبوەتەوە یان هەر نیە.
لە كۆبانێ 600 هەزار كەس دەژینو لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی لەسەر شارەكەیە، چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداو مەترسیی لەسەر دەیان ژنو مناڵو نەخۆشو پیركەوتەی تریش هەیە.