لە شاری قامیشلۆی ڕۆژاڤای کوردستان، بە بەشداریی جەماوەریی و ئامادەبوونی لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان و بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری کورد ساڵح موسلیم بەڕێوەچوو، رێبهر ئاپۆش دهڵێ، ساڵح موسلیم كوردێكی وڵاتپارێزبوو.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵح موسلیم تەنیا سیاستەمدارێک نەبوو، بەڵکو تێکۆشەرێکی نەتەوەیی بوو کە بۆ هەر چوار بەشی کوردستان خەباتی کردووە.
فۆزا یوسف جەختیشی کردەوە، ساڵح موسلیم باوکی شەهیدان بووە و تەنانەت منداڵەکانی خۆشی لەسەر هەمان ڕێبازی ئازادی پەروەردە کردووە و کوڕێکی لەو پێناوەدا شەهید بووە.
هاوکات، شاندێکی باشووری کوردستان و نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری رێوڕەسمەکە بوون.
هەروەها پەیامی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا هاتبوو، جێگەی شانازییە گەلەکەمان خاوەنی سەرکردەیەکی وەک ساڵح موسلیم بوو کە ژیانی بۆ خزمەتی کورد تەرخان کرد، کۆچی دوایی ئەو کەلێنێکی گەورەیە و بە ئاسانی پڕنابێتەوە، دهشڵێ، ساڵح موسلیم دۆستێکی نزیک و دێرینی سەرۆک مام جەلال بووە.
لە رێوڕەسمەکەدا، پەیامی هاوخەمی و پرسەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، بۆ کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە، ئاڕاستەی بنەماڵەی ساڵح موسلیم و خەڵکی رۆژاڤای کوردستان کرا.



