ڕێکخراوی (CPT) ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری هێرشەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی لە عێراق بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (28ی شوبات تاوەکو 28ی ئایار) زیاتر لە 751 هێرش تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ئامارەکانی ڕێکخراوەکەدا هاتووە کە زۆربەی هێرشەکان، واتە 647 هێرش، لە 40 ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا و پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 8ی نیسان ڕوویان داوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق بەرپرسن لە 60.3%ی هێرشەکان و هێزەکانی ئێران خۆیان 39.7%ی هێرشەکانیان ئەنجامداوە، کە زۆربەیان (78.4%) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە بووە و پارێزگای هەولێریش بە ڕێژەی 78.3% ئامانجی سەرەکی بووە.
سەبارەت بە شوێنە بەئامانجکراوەکان، 37.4% بۆ سەر بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا، 31.7% بۆ سەر ناوچەی مەدەنی، کۆمپانیاکان و بارەگاکانی پێشمەرگە، و 30.9%ی دیکەش بۆ سەر کامپی پەنابەران و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیساندا، هێرشەکان نەوەستاون و 104 هێرشی دیکە تۆمارکراون، بەڵام ئاراستەی هێرشەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک کە 82.7%ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هێزەکانی ئێران بە تەنیا بەرپرسیار بوون لە 89%ی ئەو هێرشانە، کە تیایاندا 5 کەس کوژراون و 17ی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی ئەو حیزبانە بوون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی CPT چەند ڕاسپاردەیەکی خستووەتە ڕوو؛ داوا لە لایەنەکان دەکات بگەنە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان، و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات سەروەریی وڵات بپارێزێت و لێپێچینەوە لە ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی بکات.
هاوکات داوا لە هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر کراوە بەپێی یاسا بەرکارەکان، قەرەبووی خێرا پێشکەشی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.