هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" لە تورکیا و باکوری کوردستان، داواکاریی نووسەران، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد بۆ فەرمیکردنی زمانی کوردی و جێگیرکردنی لە دەستوردا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بە جۆرێک کە هێزە کولتووری و سیاسییەکان دەیانەوێت پاش ساڵانێک لە قەدەغەکاری، پێگەیەکی شایستە بۆ زمانی دایک مسۆگەر بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، نووسەری کورد سەروەت ئۆزکان کە خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە، کەمپینێکی هۆشیاری ڕاگەیاندووە و داوا دەکات "هەر ماڵێکی کورد ببێتە قوتابخانەیەکی زمانی کوردی" بۆ ئەوەی منداڵانی نەوەی نوێ بە تەواوی بە زمانی دایکیان گۆش بکرێن و بدوێن.
ئەو بۆ بیرهێنانەوەی ڕابردووی پڕ لە ئازاری زمانەکە، چیرۆکی دایکێکی کوردی لە ساڵانی هەشتاکاندا لە بەندیخانەی ئامەد بەبیر هێنایەوە کە تەنیا لەبەر چەند وشەیەکی کوردی لەگەڵ کوڕە بەندکراوەکەیدا تووشی ئەشکەنجەدان ببووەوە.
جێی باسە لە شاری مێردین و لە پەراوێزی کۆنسێرتێکی کۆما ئامەد دا، سیاستەمەداری دێرین ئەحمەد تورک پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم جوڵانەوەیە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی زمان و چاند، زامنی ڕاستەقینەی پاراستنی تایبەتمەندێتی و ناسنامەی گەلی کوردە، کە لە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی خۆی دەکات و چاوەڕوانی دانپێدانانی فەرمییە لە دەستووری وڵاتدا.