بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ، پێشانگەیەکی بازرگانیی تایبەت بە کەرتە جیاوازەکان لە ئامەدی باكووری كوردستان کرایەوە و بەرپرسانی شارەکەش جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەنەوە.
پێشانگەی زنجیرە فرۆشگاکانی هەرێمیی باشوری ڕۆژهەڵات بە هاوکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد و فیدراسیۆنی فرۆشیارانی تورکیا، لە ناوەندی پێشانگه و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی میزۆپۆتامیا دەستیپێکرد.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا محەمەد کایا، سەرۆکی ژوری بازرگانی و هەروەها دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد و ژمارەیەک لە بەرپرسان و بازرگانان ئامادەبوون.
محەمەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد ڕایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە پێشانگەیەکی لەمشێوەیە لە دەرەوەی ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە بەڕێوە بچێت.
هەروەها دۆغان هاتون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد ئاماژەی بەوەکرد، ئەم جۆرە چالاکییانە بەرهەمهێنەران و فرۆشیاران بەبێ نێوەندگیر بەیەک دەگەیەنێت.
لای خۆشیەوە عومەر دوزگون، سەرۆکی فیدراسیۆنی فرۆشیارانی تورکیا جەختی کردەوە، ئەم پێشانگەیە تەنیا چالاکییەکی بازرگانی نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پشتگیریکردنی هەوڵەکان لە مەیدانی کاردا.