خۆبەڕێوەبەریی شنگال، دژی بڕیاری بەغداد بۆ کۆکردنەوەی چەک لە گوندەکان و کۆمەڵگەکانی ئێزدی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە و داواکارن بەغداد لەم هەنگاوە پاشەکشە بکات.
دوای هەڕەشەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، عێراقیش جموجۆڵی سەربازیی لە سنوورەکە دەستپێکردووە، بۆ ئەوەش خاڵی سەربازیی درووست دەکات و هەڵمەتێکیشی بۆ چەککردنی ئەو ئێزدییانە دەستپێکردووە، کە بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە.
خۆبەڕێوەبەریی شنگال ڕاگەیەندراوێکی، ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا کرد، کە بڕیاری گەڕان بە دوای چەک لە ناوچە ئێزدییەکان هەڵبوەشێننەوە، چونکە ئەم بڕیارە خزمەت بە ئارامی و سەقامگیریی عێراق ناکات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەسەر شنگال پیلانگێڕییەکی پیس و مەترسیدار هەیە، کۆمەڵگای ئێزدی هێشتا خوێن لە برینەکانی جینۆسایدی دەچۆڕێت و بەرگەی کۆمەڵکوژییەکی تر ناگرێت، بۆیە داوا لە بەغداد دەکەین، هەڵوێستێکی جدیی و کرداریی نیشان بدەن دژی ئەو هەڕەشانە.
سەرۆک هۆزەکانی شنگالیش دژی هەر دەستێوەردان و هەوڵێکی سەربازین بۆ سەر ناوچەکەیان و داوا دەکەن تەواوی هێزەکان یەکڕیز بن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014 بکرێت.
سەرۆک هۆزەکان، داواکارن بەغداد و هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن و جەخت لە بژاردەی ئاشتیی و دیالۆگ دەکەنەوە و ڕەتیدەکەنەوە شەڕ بەسەر ناوچەکەیاندا بسەپێنرێت.
دانیشتووانی کەمپی پەنابەرانی مەخمووریش دەڵێن، هەرگیز گەمارۆ و فشارەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر شنگال قبوڵ ناکەن و خەڵکی شنگال هەرگیز بە تەنیا نامێننەوە و دەشڵێن، بە ڕۆحی سەفەربەریی بەرگریی ڕۆژئاوا خاوەنداری لە شنگال دەکەن و دەیپارێزن.
بۆ ڕێگری لە پلانەکان دژی شنگال و ناساندنی فەرمیی هێزەکانی پاراستنی لەلایەن عێراقەوە، چالاکوانانی ئێزدی کەمپەینێکی بەرفراوانی هاشتاگیان لەژێر ناوی #HandsOffShingal لەسەرجەم پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەستپێکردووە.