ڕاپۆرت: رێبوار تۆفیق
جه‌نگ و كاره‌ساته سروشتییه‌كان و ئاڵۆزیی و ڕووداوه‌كان، زۆرجار سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ توانا و حوكمڕانیی و شه‌فافیه‌ت و گه‌نده‌ڵیی زۆرێك له ده‌سه‌ڵاتدار و حوكمڕانه‌كان.
به‌و پێیه‌ی شاده‌ماری دارایی و ئابوریی عێراق و خۆبژێویی تا ئێستا نه‌وته، به‌ڵام له ساڵی 2003 و دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن، حوكمڕانه نوێكانی عێراق به درێژایی 23 ساڵی رابردوو كاری جدییان نه‌كردووه بۆ بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و نوێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی، هه‌روه‌ها پلانی وردیان نه‌بووه به تایبه‌تیی بۆ دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی عێراق و په‌ره‌پێدانیان.

بۆچی عێراق توانای كۆگاكردنی نه‌وته‌كه‌ی نییه ؟
جه‌نگی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژی ئێران و داخستنی گه‌روی هورمز، به ڕوونیی ئه‌وه‌یان ده‌رخست ئه‌گه‌ر حوكمڕانه‌كانی وڵاتانی نه‌وتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناو‌ڕاست به پلان و به‌رنامه‌ی ورد كاریان نه كردبێت له‌سه‌ر هه‌موو پێشهات و ئه‌گه‌ره‌كان و په‌ره‌یان به دامه‌زراوه نه‌وتیه‌كانیان نه‌دابێت كه شاده‌ماری خۆژێنیی و داراییانه به تایبه‌تیی وڵاتێكی وه‌كو عێراق كه له‌سه‌دا %90ی كۆی داهاته‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌وته، ئه‌وا توانای به‌رگه‌گرتن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانیان نابێت.
ژێرخانی نه‌وتیی عێراق له چ ئاستێكدایه؟
دامه‌زراوه‌ی جه‌ی پی مۆرگانی ئه‌مریكی له نوێترین به دواداچوونیدا ئاشكرایكردووه، عێراق خراپترینه له ڕیزبه‌ندی وڵاتانی كه‌نداو و دامه‌زراوه و ژێرخانیی نه‌وتیی، به تایبه‌تیی له توانای كۆگاكردن و هه‌ڵگرتنی نه‌وته‌كه‌ی به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداودا.
عێراق له‌و ڕیزبه‌ندییه‌ی جه‌ی پی مۆرگان له پله‌ی كۆتاییدایه، چونكه ده‌توانێت ته‌نها شه‌ش ڕۆژ نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی كۆگا بكات و خۆی بۆ قه‌یرانه‌كان ڕابگرێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا دروستبووه به هۆی جه‌نگ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گه‌روی هورمز داخراوه، عێراق توانای كۆگاكردنی نه‌وته‌كه‌ی نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش وایكردووه به ناچاریی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی ڕاگرتووه و توانای به‌رهه‌مهێنانی له 60%ی زیاتر له ده‌ستداوه.

سعودییه باشترینه له كۆگاكردنی نه‌وتدا
به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سعودیه كاری جدیی و باشی له‌سه‌ر ژێرخانیی نه‌وتیی و دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی كردووه، له توانایدایه 36 ڕۆژ به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده بكات و بخاته بازاڕه‌وه، نه‌وته به‌رهه‌مهێنراوه‌كه‌ی كۆگا بكات.
قه‌ته‌ر به پله‌ی دووه‌م دێت و ده‌توانێت نه‌وته به‌رهه‌مهێنراوه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی بكات، بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ كۆگا بكات، ئیماراتیش له توانایدایه بۆ ماوه‌ی 16 ڕۆژ كۆگای نه‌وته به‌رهه‌مهێنراوه‌كه‌ی بكات.
جه‌نگ و كاره‌ساته سروشتییه‌كان، ده‌رخه‌ری توانای حوكمڕانیی و گه‌نده‌ڵیی حوكمڕانه‌كانه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت دوای جه‌نگ و ئاساییبونه‌وه‌ی دۆخه‌كه به پلان و به‌رنامه‌ی ورد چاره‌سه‌ر بكرێن.