بارانبارینی بەخوڕ و چڕ لە ناوچەی بۆرالانی سەر بە شارستانی ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز؛ بەهۆیەوە زیانی ماددیی زۆر بە ژێرخانی ناوچەکە و سێ گوندی سنوورەکە گەیشتووە و تیمەکانی فریاگوزاریش لە ئامادەباشیدان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی، لافاوەکە زیانی بنەڕەتی بە گوندەکانی (وەلیکەندی، پەنجەرلوو و بەری) گەیاندووە و بووەتە هۆی تێکدانی چەندین پرد و ڕێگەی سەرەکیی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا، ئەمەش کێشەی بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی گوندەکان دروستکردووە.
بەرپرسانی خۆجێیی لە ماکۆ ڕایانگەیاندووە کە دەستبەجێ لێژنەی بەڕێوەبردنی قەیران لە ناوچەکە پێکهێنراوە؛ لە ئێستاشدا تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی گەیاندنی هاوکاریی خێرا و دابەشکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمانن بەسەر هاووڵاتییانی لێقوماوی ئەو سێ گوندەدا.