قادر ئینانر، یەکێک لە کارەکتەرە هەرە دیار و کاریگەرەکانی مێژووی سینەمای تورکیا (یەشڵچام) و ئەندامی پێشووی لیژنەی کەسایەتییە ژیرەکان لە پرۆسەی ئاشتیدا، لە تەمەنی 77 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ئەم هونەرمەندە ناودارە کە دەرچووی بەشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی زانکۆی مەڕمەڕە بوو، لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند؛
باری تەندروستیی ناوبراو لە 21ی ئایاری ڕابردووەوە بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە بە تەواوی ناسەقامگیر بوو و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا مابووەوە، تا دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
قادر ئینانر سەرەڕای ناوبانگە بێوێنەکەی لە جیهانی سینەمادا، هەمیشە وەک ڕۆشنبیرێکی سەربەخۆ مایەوە و سەرجەم ئەو پێشنیازانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن پارتە جیاوازەکانەوە بۆ بوون بە پەرلەمانتار ئاراستەی دەکران، بەڵام وەک کەسایەتییەکی خاوەن هەڵوێستی مەدەنی بەشداریی لە کایەی گشتیدا دەکرد.
لە ساڵی 2013دا و لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتیدا لە تورکیا، ئینانر وەک ئەندامی "لیژنەی کەسایەتییە ژیرەکان" (Akil İnsanlar Heyeti) ڕۆڵێکی کارای گێڕا و هەمیشە داکۆکی لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەکرد؛
ئەو پێی وابوو چارەسەری ئەم پرسە بە ڕێکاری ئەمنی نابێت، بەڵکو دەبێت کۆتایی بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی و نادادپەروەریی ئابووری بهێندرێت.
کۆچی دوایی قادر ئینانر، کاردانەوەی بەربڵاوی لە ناوەندە هونەری و سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لێکەوتووەتەوە و وەک لەدەستدانی دەنگێکی گرنگی ئاشتی و داهێنان لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.