ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ بەرگریکردن لە ئێران.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسانی 2026، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە ڕاگەیەنراوێکی هەڕەشەئامێزدا ڕایگەیاند، ''بە نیازێکی پتەو، چاوێکی کراوە و ئیرادەیەکی پۆڵایین دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ هەر پێشهاتێک".
حاتەمی هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دوژمنن و تاوەکو دوا هەناسە پابەندی بەڵێنەکانیانن بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی ئێران.
گوتەکانی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لەکاتێکدایە دوای 40 ڕۆژ جەنگ، 8ـی نیسانی 2026، ئاگربەستێک لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەنرا و تاران و واشنتن بە نێوەندگیریی پاکستان، گەڕێکی دانوستاندنیان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.