عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەقامگیریی ئابوریی عێراق بە گرنگ و لە پێشینەی کارەکان دەزانێت.
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ عەلی عەلاق، سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆبوەوە.
نوسینگەی عەلی زەیدی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو جەختی لە باشکردنی کەرتی دارایی و بانکیی و سەقامگیریی ئابوریی و دارایی عێراق کردووەتەوە لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی دژوار و پڕ ئاڵنگارییدا تێدەپەڕێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە سەقامگیریی ئابوریی و دارایی عێراق بپارزرێت و ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی لە بواری دارایی و بانکیی پەرەیان پێ بدرێت، تا کاریگەریی هەبێت لە سەر بوژاندنەوە و گەشەکردنی سەرجەم کەرتەکانی دیکەش.