وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - حەدیسەی ڕاگەیاند و دەڵێت، توانای گواستنەوە لە بۆرییەکە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.
ساحێب بەزون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، دەستیانکردووە بە پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە – حەدیسە، کە توانای هەناردەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە لە ڕۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژی بۆرییەکە 700 کیلۆمەترە و پانییەکەشی 56 ئینجە، لە بەسرەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەنبار، بە هەرسێ ئاڕاستەی بەندەری جەیهانی تورکیا و بانیاسی سوریا و عەقەبەی ئوردندا، نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت.
دەشڵێت، وادەی تەواوكردنی پڕۆژەكە پەیوەستە بە دەستەبەركردنی بودجەی تەرخانکراوی پڕۆژەکە، کە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە و چاوەڕواندەكرێت حكومەتی داهاتوو ڕێكارەكانی بودجەی بۆ یەكلایی بكاتەوە بۆ زوو کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە.
ئەوەش هاتووە، بۆریی نەوتی کەرکوک - جەیهان گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کەرتی وزەی عێراق، دوای هەڵگیرسانی شەڕ و دانانی کاریگەریی لەسەر گەرووی هورمز، هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەکەوە بەردەوامە.