شوانێکی گەنج لە سنووری قەزای سیدەکان بە تەقەی سوپای پاسدارانی ئێران گیانی لەدەستدا و هێزە ئێرانییەکانیش دەستیان بەسەر تەرمەکە و مەڕو ماڵاتەکەیدا گرتووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، قوربانییەکە ناوی "رێباز سلێمان هەرکی"یە و کاتێک هەوڵیداوە مەڕو ماڵاتەکەی کە پەڕیبوونەوە بۆ ناو سنووری ئێران بگەڕێنێتەوە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو شوانە و مەڕو ماڵاتەکەی لەلایەن هێزە ئێرانییەکانەوە ڕادەست نەکراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.