بڕیارێکی نوێی شارەوانیی ناوچەی "وادی بەردە"ی دیمەشق، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەکەرتی گەشتیاریی و چێشتخانە و کاتبەسەربردنەوە هەیە، ناڕهزایی بەرفراوان و مشتومڕی زۆری لەنێوان سورییەکاندا دروستکردووە.
شارەوانیی ئەو ناوچە گەشتیارییە، بڕیارێکی دەرکردووە تێیدا هاتووه، پێشوازیکردن لەگروپە گەشتیارییە تێکەڵەکان لە چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان قەدەغهیه، ههروهها ڕێگریی لە لێدانی مۆسیقای بەرز و سەماکردنی تێکەڵ دەکرێت، بەوپێیەی بەکارێکی دوور لەئادابى گشتی وەسیفکردووە.
هەرچەندە شارەوانییەکە جەختدەکاتەوە، ئەمە سنووردارکردنی ئازادییە شەخسییەکان نییە و تەنها بۆ ڕێکخستنی گەشتوگوزارە بەگوێرەی دابونەریت و بەهاکانی ناوچەکە، بەڵام بڕیارەکە بووەتە جێگهی ڕەخنەی توندی چالاکوانانی سووریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
زۆرێک لەهاووڵاتیان وڵاتەکە پرسیاری ئەوە دەکەن، کێ پێوەری "ڕەفتاری نەشیاو" دیاریدەکات و چۆن سەما و مۆسیقا بەپێچەوانەی یاسا و نەریت دادەنرێت.
