هەیبەت حەلبوسی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ یاسای سەربازیی ناچاری دەربڕی و بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی وڵات وەسفی کرد.
هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و عەبدولئەمیر یارڵڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق کۆبوونەوە و پرسە سەربازییەکانیان تاوتوێکرد و هەنگاوەکانی بەهێزکردنی سوپایان خستەڕوو.
نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی تەمەنی سەرباز و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لەپێناو گەشەدان بە سوپای عێراق باسکراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرس و ئەفسەرە باڵاکانی وەزارەتی بەرگریی و سوپا ئامادە بوون، باس لە پێویستی پێداچوونەوە بە شێوازی وەرگرتنی سەربازیی ناچاریی کراوە، وەک بژاردەیەکی ستراتیژیی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپا.
لای خۆشییەوە سەرۆکی پەرلەمان پشتیوانی خۆی بۆ یاسای پێشنیارکراوی سەربازیی ناچاریی دەربڕی و وەک پێویستییەکی ئەمنیی و کۆمەڵایەتی ناوی بردوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پەسەندکردنی یاساکە لە پەرلەمان، پێشکەوتنی بەرچاو لە کەرتی سەربازیی بەدیدێت.