سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەخت لە سەر گرنگیی خێراکردنی هەنگاوە یاساییەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی دەکاتەوە و هۆشداری دەدات، هەر شکستێک لەم بوارەدا دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە.
نوعمان کورتوڵموش ڕایگەیاند، ڕێکاری هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەریی لەژێر دەسەڵاتی ئەودا نییە، بەڵام پێویستە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە خێراتر بکرێت.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دیمانەیەک لەگەڵ ئاژانسی ئانکای تورکی لە بارەی هۆکاری دواخستنی هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەریی ڕایگەیاند، "دواخستنی هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەکە لە ژێر دەسەڵاتی مندا نییە". گوتیشی، چاوەڕێی ئەوە دەکەن خاڵی وەچەرخان لە پرۆسەکەدا دروستببێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی، "ئیمرالی هەر لە سەرەتاوە بە ئاشکرا باسی لە نییەتی خۆی کردووەو لەو بڕوایەدام پێویستە پشتگیریی زیاتر لە لێدوانەکانی ئیمڕاڵی بکرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە قۆناغی نوێی پڕۆسەی چارەسەریی بەخێرایی بەڕێوەبچێت و ئەگەر پڕۆسەی چارەسەریی سەرکەوتوو نەبێت ئەوا زیانێکی گەورە بەر تورکیا دەکەوێت.