نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، لە پێناو سەلامەتی تورکیادا، پێویستە بە زووترین کات یاسای نوێ دەربکرێت و کۆتایی بە سەرجەم ڕێکارەکانی پرۆسەی چارەسەری بهێنرێت.
کورتوڵموش، لە 106 ساڵیادی جەژنی سەروەری نەتەوەیی و منداڵان لە تورکیادا ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕەشنووسی کۆمسیۆنی پەرلەمان پێویستە بە زووترین کات یاسای نوێ بۆ پڕۆسەی چارەسەری دەربکرێت و کۆتایی بە سەرجەم ڕێکارەکانی پڕۆسەکە بهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پەلە لە کاری خێردا بکرێت، بەڵام ناشتوانێت کاتێکی دیاریکراو بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نوێ ڕابگەیەنێت و گوتیشی، هەرکات دڵنیابوونەوە لەوەی پەکەکە بەتەواوەتی چەکی داناوە ئەوا قۆناغەکانی پڕۆسەکە خێراتر پەرەدەسێنێت.
هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پڕۆسەکە بە هیچ شێوەیەک نەوەستاوە و بەردەوامە.
لە 28ـی شوباتی 2025 و لەسەر بنەمای بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان، پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستیپێکرد و هەر لەچوارچێوەی بانگەوازییەکەی ئۆجالاندا، پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و لە ئێستاشدا لایەنەکان چاوەڕێی هەنگاوە یاساییەکانی حکومەتی تورکیا دەکەن.