سەرۆککۆماری عێراق یەکێکە لە سێ سەرۆکایەتییە باڵاکەی وڵات و بەگوێرەی مادەی 66ـی دەستوور، بەشێکی سەرەکییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. بەگوێرەی ئەو عورفە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت، ئەم پۆستە بۆ پێکهاتەی کورد دیاریکراوە و لە ناو لایەنە کوردییەکانیشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم پۆستە بە هی خۆی دەزانێت.
هێمای یەکپارچەیی و سەروەری
لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە، سەرۆککۆمار هێمای یەکپارچەیی خاکی عێراقە و نوێنەرایەتی سەروەریی وڵات دەکات. ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پابەندبوون بە گرەنتیکردنی پاراستنی دەستوور و پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی نیشتمانی، بەو پێیەی بە پارێزەری یەکەمی دەستوور لە قەڵەم دەدرێت.
دەسەڵاتە کارگێڕی و یاساییەکان
سەرۆککۆمار خاوەنی کۆمەڵێک دەسەڵاتی کارگێڕی و یاساییە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی کاروباری دەوڵەت هەیە. لەوانە: دەرکردنی مەرسوومی کۆماری، پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانەوە دەردەچن، پێشنیازکردنی هەموارکردنەوەی دەستوور، بانگێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کۆبوونەوە و بەخشینی مەدالیا و نیشانە فەرمییەکان.
ئەرکە دیپلۆماسی و دادوەرییەکان.
لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا، سەرۆککۆمار بەرپرسیارە لە پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پەسەندکردنی باڵیۆزەکان. لە ڕووی دادوەریشەوە، دەسەڵاتی دەرکردنی لێبووردنی تایبەتی بۆ سزادراوان هەیە و هەر بڕیارێکی لەسێدارەدان کە لە دادگاکانەوە دەردەچێت، دەبێت لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پەسەند بکرێت تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران
یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ئەرکە دەستوورییەکانی سەرۆککۆمار بریتییە لە ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەستبەکاربوونی کابینەی وەزاری هەژمار دەکرێت.