ڕاستەوخۆ

سێ هەزار و 593 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون

reset font size increase font size

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە نوێترین ئاماردا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی لە بەرزبوونەوەدایە وبەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی، لە 2ی ئازارەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ هەزار و 593 کەس کوژراون و 10 هەزار و 990 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات سوپای لوبنان ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە باشوری وڵاتەکە، چەند سەربازێکی لوبنانی کوژراون کە ئەفسەرێکی باڵاشیان لەنێودایە.

 ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە پێشتر ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و لوبناندا نوێکرابووەوە، بەڵام حزبوڵڵای لوبنانی کە ئێران پاڵپشتی دەکات، ڕایگەیاندووە مادام سوپای ئیسرائیل لەناو خاکی لوبناندا بێت، پابەندی ئاگربەستەکە نابێت.

 لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەڵێت تەنیا مۆڵگەکانی حزبوڵڵا دەکاتە ئامانج.

کورتەی گرنگترین پێشهاتەکانی ململانێکان لە لوبنان:

کاردانەوەی تاران: وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی سەر سوپای لوبنانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، ئەمە نیشان دەدات ئیسرائیل تەواوی سەروەریی لوبنان بە ڕەوا دەبینێت بۆ هێرشکردن.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران لێدوانەکانی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنانی ڕەتکردەوە کە گوتبووی تاران لوبنان وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنێت.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: عەرەبستانی سعوودیە هێرشەکەی سەر سوپای لوبنانی شەرمەزار کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ سەروەریی ئەو وڵاتە دەربڕی.

هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل) ڕایانگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی بڕیاری 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشە.

پاساوی ئیسرائیل: سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەی لوبنانی دوای ئەوە کردووەتە ئامانج کە "بە گوماناوی" لە ناوچەیەکدا جوڵاوەتەوە کە پێشتر چۆڵکرابوو و زانیاری هەبووە حزبوڵڵا لەوێ چالاکە.

وڵامدانەوەی حزبوڵڵا: حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە بە موشەکی دژەفڕۆکە ڕووبەڕووی درۆنێکی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان بوونەتەوە و ناچاریان کردووە پاشەکشە بکات، هاوکات بە تۆپخانە هێزەکانی ئیسرائیلیان لە دەوروبەری شارۆچکەی 'تەیری' کردووەتە ئامانج.

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان: لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان، جەنەراڵ ڕۆدۆڵف هێکل گەیشتە پاکستان کە لەم مانگانەی دواییدا وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەور دەبینێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.