سێنکۆم ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، هێزەکانیان لە دەریای عومان دەستی بە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی دا گرتووە کە دەیەویست خۆی بگەیەنێتە یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کەشتییەک بە ناوی "ئێم ڤی توسکا" لە دەریای عومان کە هەڵگری ئاڵای ئێران بووە بەبێ گوێدانە ئاگادارییەکانی هێزەکانمان ویستوویەتی گەمارۆکانی ئەمریکا پێشێل بکات و خۆی بگەیەنێتە یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران.
گوتیشی، هێزەکانیان شەش جار کەشتیی بازرگانییەکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە لە جموجۆڵ بوەستێت، بەڵام کەشتییەکە بەبێ گوێدان بە ئاگادارییەکانی هێزەکانیان بەردەوام بووە لە جووڵە.
سێنتکۆم دەڵێت، دوای ئاگادارییەکان بە کەشتییەکی جەنگی چەند گولە تۆپی پێنج ئینچی "ئێم کەی 45"یان ئاڕاستەی ژووری بزوێنەری کەشتییە ئێرانییەکە کردووە و توانیویانە بیوەستێنن. گوتیشی، هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی کەشتییەکەیان گرتووەتە دەست.
هاوکات ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاند، سوپای پاسداران چەند هێرشێکی درۆنی لە دژی چەندین کەشتی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجامداوەو ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی لە دەریای عومان.