بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، حکومەتی عێراقمان ئاگادارکردووەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن و چاوەڕێی وەڵامین لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ عەلی نزار شەتری دەڵێ، ئەو رێککەوتنەی کراوە یەکێکە لە باشترینەکان، بەدڵنیاییەوە درێژ دەکرێتەوە".
بەگوێرەی رێککەوتنێکی هەولێر و بەغداد، بەغداد و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ئەم ساڵ کاری پێدەکرێت، رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، 230 هەزار لەو بڕە، هەناردە دەکرێت و 50 هەزاری دیکەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، لە دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ـی دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا.
دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.