سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی نوێی ئەمنیی سەرجەم کەشتییە گیرخواردووەکانی گەرووی هورمز دەتوانن بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەرجەم هەڕەشە ئەمنییەکان سەرجەم کەشتییە گیرخواردووەکان دەتوانن بەگەرووی هورمزدا تێپەڕن دەشڵێت، ئەم ڕێکارە بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی نوێی ئەمنی ئەنجامدەدرێت. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا هەزار و 500 کەشتی چاوەڕێی مۆڵەتی هێزە دەریاییەکان و سوپای پاسدارانن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا.
ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران ناوەڕۆکی پڕۆتۆکۆڵە ئەمنییە نوێیەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سوپاسی سەرجەم ئەو کەشتیی و کاپتنانەی کردووە کە پابەندی ڕێساکان بوون.
هاوکات، ئاژانسی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووەتەوە، ڕەنگە تاران و واشنتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدانان ڕێککەوتبن.
ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە ،دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی دووشەممە "پڕۆژەی ئازادیی" لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و لەبەرانبەردا سوپای پاسداران هەر هەوڵێکی سەربازیی لە گەرووەکەدا وەک داگیرکاریی پێناسە کرد.