سەزایی تەمەلی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی تەرم و بریندارانی ئەو خوێندکارانەی تێدایە، کە لە هێرشەکەی سەر خوێندنگەیەک کوژران لە پارێزگای مەڕەش ڕایگەیاند، وەک پارتەکەمان، هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی بەرپرسان باجی ئەم تاوانە بدەنەوە و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گەیشتە شاری مەڕەش، شاندەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی (سوتچو ئیمام)، کە بریندارەکانی تێدا چارەسەر دەکرێن و تەرمی قوربانییەکانی تێدا هەڵگیراوە، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەزایی تەمەلی، لەسەر ناوی شاندەکە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ڕێز لەم خەمە بگیرێت، دەبێت هەموو کەسێک ئازاری لەدەستدانی ئەو کەسانە لە قوڵایی دڵییەوە هەست پێ بکات و ئەمە یەکەم جار نییە، ئێمە هاوبەشی خەمی هەموو خەڵکی مەڕەشین. وەک دەم پارتی، هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەم ئازارە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە و بەرپرسانیش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
دوێنێ چوار شەممە 15ـی نیسانی 2026، لە پارێزگای مەڕەش، خوێندکارێکی تەمەن 14 ساڵ بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، بە چەکەوە هەڵیکوتایە سەر خوێندنگەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک، لە هێرشەکەدا مامۆستایەک و 9 خوێندکار کوژران، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بەمەش ژمارەی قوربانیانی خوێندنگەکە گەیشتە 10 کەس.